ژینگە
دیاردەی قەتیس بوونی گەرما  
نوسەر
تایبەت بە ئۆزۆن

بەڕێز رەشید رەسول:
دیاردەی قەتیس بوونی گەرما (Global warming) لەسەرەتای ئەم ساڵەوە کاریگەریەکی لەسەر ناوچەکەماندا بەدیار کەوتووە!

 
* ئایا ئەو بارانەی کە دەبارێ لە هەولێرو دەوروبەری، بالانسێکی هەیە لەگەڵ ئەو ئاوەی کە بەکاردێت بۆ بوارە جیاجیاکان؟
- بەشێوەیەکی گشتی، ئێمە لە هەولێر رێژەی بارانبارینی مانگانەمان هەیە و چاودێری ئەو رێژەیەش دەکەین، لەباری ئاساییدا رێژەی ساڵانە دەبێت 420 ملم باران لە هەولێر ببارێت، بەڵام ئەم بڕە بەشێوەیەکی زانستی نابێـە هۆی تێرکردن وجێگرتنەوەی ئەم ئاوی ژێر زەوی کە ساڵانە لە هەولێر بەکاردێت چونکە پێداویستی خەڵک ساڵ بە ساڵ لەزیادبووندایە، واتە دەبێت لەو بڕە زیاتر ببارێت ئینجا باڵانسێک دروست دەبێت.
رەنگە ئەم بڕەش کە دەبارێت بۆ کشتوکاڵ و راگرتنی ئاوی ژێر زەوی لەئاستێکدا بەس بێت، بەڵام ئایا پێداویستی خەڵک ئەمسال وساڵێکی تر وەکو یەکە؟
* دەتوانین بڵێین لە چ ساڵێکەوە لە هەولێر باران ناتوانێت ئەوبۆشاییە پڕ بکاتەوە کە خەڵک بەکاری دەهێنن؟
- خۆی لە ساڵانی 1998-1999 سەرەتاکانی ئەم دیاردەیە سەری هەڵدا بەتایبەتیش کە ئەو ساڵانە وشکە ساڵی بوون، دەشتوانم بڵێم کە دیاردەی قەتیس بوونی گەرما (Global worming) لەسەرەتای ئەم ساڵەوە واتە 2008 کاریگەریەکی لەسەر ناوچەکەماندا بەدیار کەوتووە... ئەو وشکە ساڵیەی کە لە 99 سەری روویدا ئەمساڵ دووبارە سەری هەڵداوەتەوە.
* ئەمساڵ وپار گۆڕان لە رێژەی باران بارین چەندە؟ بۆچیش دەگەڕێتەوە؟
- بە  گوێرەی ئەوداتایانەی کە لەبەر دەستماندایە، لە 2006/10/1 تا 2007/2/19 بڕی (279.3) ملم باریە، کەچی ئەم ساڵ لەهەمان ماوەو بەرواردا (102.9) ملم باریە، واتە بە رێژەی 63% باران کەمی کردووە. هۆکارەکەش هەروەک باسم کرد، رەنگە کاریگەری دیاردەی قەتیس بوونی گەرما بێ کە سەرەتای دەسپێکردنی کاریگەریەکانیەتی لەسەر ناوچەکەمان.
 
* هەندێک مەزەندە لە ئارادایە کە دوای 50 ساڵی تر، هەولێر ئاوی خواردنەوەی تیا دەست ناکەوێت... تا چەند ئەم بیروڕایە لەسەر بنەمایەکی زانستی کراوە؟
- ئەمانە تەنها مەزەندەن وناتوانرێت تەنها بۆ هەولێر، بەڵام دەتوانی بڵێی کەوا لە هەموو جیهان و لەسەر ئاستی جیهان گۆڕانکاری بەسەر کەش وهەوادا دێت، ئیتر زۆر ووڵات بەرلافاو وزۆریش کەم ئاوی دەکەون. وا پێشبینی دەکرێ کە ئەو کاتە 1.5 ملیۆن کەس بەدەست کەم ئاوییەوە بناڵێنێت.
* ئەگەر هەندێک لەباسی باران دوورکەوینەوە بچینە نێو بواری ئەندازەییەوە بابەتێک هەیە کە جێگای خۆیەتی لێرەدا ئێمە لە بەرێزتانی بکەین..... ئێستا لەزۆر جێگای جیهان کێلگە هەواییەکان بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا.. کوردستان تا چەند لەبارە بۆ ئەم  مەبەستە؟
   ئەوەی راستی بێت زۆر لێکۆڵەرەوە سەردانیان کردووین ورێژەی هەڵکردن و ئاراستەی بایان لێ داوا کردووین بەڵام تا ئێستا ئەنجامی تەواویان پێنەداوینەتەوە کە ئایا ئەو شوێنەی ئێمە گونجاوە یان نا، ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن، ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەوەیە کە دەبێت تەنها داتایان پێبدەین چونکە ئەمەش رێژەیەکی دیاریکراوی هەیە بۆ بەرهەم هێنانی ووزەی کارەبا لە رێگەی ئەم پەروانە هەواییانەوە.
* پرسیارێکی لەشەقامەکانی نێو شار، تا چەند پشت بەو داتایانە دەبەسترێ کە لای بەرێزتان هەیە؟
- بەداخەوە لێرەدا گرنگی بەو لایەنە نادرێت و هەر ئەوەشە کەوای کردووە بارانێکی کەمێک تونددا لافاو دروست بێت، چونکە دیزاینەرەکان پشت بە بەرزترین رێژەی باران بارین نابەستن لە ساڵێکدا، لە ئەندازیاری شارستانیشدا یاساو رێسای تایبەت هەیە بۆ دیزانین مەجاری ئاو بە پشت بەستن بە بەرزترین رێژەی باران. ئەوەی راستی بێت تا ئێستا تەنها دوو کۆمپانیا داوای داتای بارانیان کردووەت بۆ دیزاین.

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved