تیمێكی پزیشكی ئه‌مریكی روڵی راسته‌قینه‌ی ریخۆڵه كوێره ئاشكرا ده‌كات كه زانایانی تاكو ئه‌م سه‌رده‌مه توشی گومان كردبوو، له لێكولینه‌وه‌كه‌دا زاناكان بوویان ده‌ركه‌وت كه ریخۆڵه كوێره به‌رپرسیاره له په‌یدا كردن و پاراستنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی جۆراوجۆری به‌كتریاو میكرۆب كه گه‌ده‌ی مرۆڤ سوودیان لێ وه‌رده‌گرێت.
تیمێكی سه‌ر به‌زانكۆی دیوكی ئه‌مریكی رایگه‌یاند كه ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه جیاوازی بۆچوونه‌كان سه‌باره‌ت به روڵی ریخۆڵه كوێره یه‌كلا ده‌كاته‌وه دوای ئه‌وه‌ی كه قوتابخانه زانستیه فه‌رمیه‌كان بۆ ده‌یان ساڵ ریخۆڵه كوێره‌یان به ئه‌ندامێك له قه‌له‌م ده‌دا كه به پێشكه‌وتنی مرۆڤ رۆڵه‌كه‌ی له ده‌ست داوه‌و لابردنیشی به‌بێ زیان زانیوه.
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه كه له گۆڤاری پزیشكی تیوریدا بڵاو كراوه‌ته‌وه ژماره‌ی ئه‌و به‌كتریاو مشه‌خۆرانه‌ی كه له جه‌سته‌ی مرۆڤدا هه‌ن له ژماره‌ی خانه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ خۆی زیاترن، به‌ڵام به‌شی هه‌ره زۆریان رۆڵی پۆزه‌تیڤ ده‌بینن له كرداره‌كانی هه‌رسكردنی خۆراكدا. له توێژینه‌وه‌كه‌دا هاتووه كه هه‌ندێك نه‌خۆشی دیاریكراو وه‌ك كولێرا یان سك چوونی توند له‌وانه‌یه ببن به‌هۆی نه‌هێشتنی ئه‌و به‌كتریا سود به‌خشانه له‌ناو شله‌مه‌نی له‌شدا، له‌م كاته‌شدا روڵی ریخۆڵه كوێره ده‌ست پێ ده‌كات كه بریتیه له كاركردن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌كتریاو میكرۆبه سوود به‌خشانه‌و پاشه‌كه‌وت كردنیان، ئه‌وه‌ی دووپاتی ئه‌م راستیه‌ش ده‌كاته‌وه شوێنی هه‌ڵكه‌وتنی ریخۆڵه كوێره‌یه كه ده‌كه‌وێته لای خواره‌وه‌ی بۆڕیچكه تێكه‌ڵه‌كان كه به رێره‌وێكی تاك لایه‌نه‌ی تێپه‌ربوونی خۆراك داده‌ندرێت.
توێژینه‌وه‌كه رۆڵی ریخۆڵه كوێره به روڵێكی چاره‌نوسساز ناوبردووه له سه‌ره‌تادا كاتێك مرۆڤه‌كان به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی دیاریكراو له‌یه‌كتر دابراو ده‌ژیان، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا گرنگیه‌كه‌ی كه‌متر بووه‌ته‌وه به‌هۆی وه‌رگرتنی ئه‌و به‌كتریاو مشه‌خۆرانه له مرۆڤه‌كانی ده‌وربه‌ریه‌وه .
ئه‌وه‌ی زانراویشه كه ریخۆڵه كوێره ئه‌ندامێكی زۆر هه‌ستیاره بۆ هه‌وكردن و له‌وانه‌شه ببێته هۆی مردنی نه‌خۆشه‌كه ئه‌گه‌ر له‌كاتی دیاریكراودا چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، بۆیه زاناكان رایانگه‌یاند كه ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م لێكولینه‌وه‌یه نه‌كه‌ن به بیانوو بۆ ئه‌نجام نه‌دانی نه‌شته‌گه‌ری بۆ توش بووه‌كانی هه‌وكردنی ریخۆڵه كوێره، چونكه له لێكولینه‌وه‌یه‌كدا ده‌ركه‌وتووه كه له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ته‌نها ساڵانه 300 تا 400 كه‌س گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن به‌هۆی هه‌وكردنی ریخۆڵه كوێره‌وه .