تەندروستی
تەندروستی و ئایین  
نوسەر
د. ئاراس برادۆستی

                       
لەم وڵاتە زۆرینە موسوڵمانە ی خۆمان، رۆژانی هەینی مزگەوتەکان پڕ دەبن لە نوێژ خوێنان، هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە چۆن بتوانرێ بۆ گەیاندنی وشیاری تەندروستی سوود لەم هەلە وەربگیردرێ.
ئەو پرسیارەم هەمیشە لە خەیاڵە کە ئەگەر کەسێک چەوریێکی زۆر بخوات و دڵنیاشبێت کە توشی نەخۆشی دەکات و دەشزانێ پزیشکەکەی لێی قەدەخە کردووە بەڵام بەردەوامە لەسەری، کاتێک دکتۆر داوا لە نەخۆشیک دەکات وەکوو بەشێک لە چارەسەری رۆژانە وەرزش بکات، بەڵام نەخۆشەکە گوێی پێ نادات و نەک هەر وەرزش ناکات بەڵکوو هێندەی دیکە تەمبەڵ دەبێت و لە شوێنی خۆی ناجوڵێتەوە، جگەرە کێشیک دڵنیایە لەوەی سیەکانی دەسوتێنێت و توشی تەنگە نەفەسی و زوو ماندوبوون و دواجاریش شێرپەنجەی دەکات و دەیکوژێت ، بەڵام هەر واز ناهێنێت، کە مەیخۆرێک ئاکامی ئەو هەموو مەی خواردنەوەیەی پێدەگوترێت و دەزانێت هەناوی دەتلێنێتەوە ، گەنجێک دەزانێت نێرگەلە هێندەی ٢٠٠ جگەرە مەترسی دارە بەڵام رۆژانە هەڵی دەمژێت، دەبێت لە ڕووی شەرعیەوە حوکمیان چی بێت؟
بابەتگەلی وەها زۆرن کە پەیوەندی نێوان تەندروستی و ئاینن، بەڵام مامۆستا و شارەزایانی ئاینی و بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف و تەندروستی وەکوو هەلێک نەیانقۆستۆتەوە تا تەندروستی هاوئاینەکانیانی پێ بپارێزن. ساخلەمی کە پێغەمبەر "د.خ."بەو نیعمەتە باسی دەکات کە زۆربەی خەڵکی لێی بێ ئاگان، بە داخەوە مامۆستا ئاینیەکانیشمان لێی بێ خەبەرن.
مامۆستا ئاینیە بەڕێزەکانمان کە لە برۆ هەڵکەندنەوە تا گەرمترین پرسی سیاسی  و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وتارەکانیان باس دەکەن، بیر لەوە ناکەنەوە کە هەر ئەو نوێژ خوێنانەی بەردەمیان دوای کۆتایی هاتنی نوێژی هەینی دەڕۆنەوە ماڵەکانیان و بێ دەست شۆردن تا تەنگە نەفەس دەبن گۆشت و خواردنی نا تەندروست دەخۆن و خۆیان توشی دەیان نەخۆشی خەتەر دەکەن.
هەر ئەو ئافرەتەی کە مەلایەک قناعەتی پێدەکات ببێتە باڵا پۆش، رەنگە لەبەر گرنگی نەدان بە تەندروستیەکەی جەڵتەیەک لێی بدات و باڵا داپۆشراوەکەی بکەوێتە سەر جێگە و ببێتە بار بەسەر خانەوادەکەی و کۆمەڵگاکەی و تەنانەت حکوومەتیش.
گرنگی دانی ئیسلام بە وەرزش بە گشتی و مەلەوانی بە تایبەت وای لێکردم کە ئەم لێکۆڵینەوە ئەمەریکیەم هیچ بەلاوە نوێ نەبێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر دەریخست باشترین وەرزش مەلەوانیە، ئاخر پێغەمبەر "د.خ"   ١٤ سەدە پێش ئەوان  لەو بیابانە وشکەی لای خۆی فەرموویەتی منداڵەکانتان فێری مەلەوانی بکەن، دەبووایە مامۆستا ئاینیە بەڕێزەکانمان ئەمەیان بکردایەتە هەلێک هانی موسوڵمانانیان بدایە کە خۆیان فێری مەلەوانی بکەن ، هەرچەندە دڵنیام لەوەی کە لەم شارە چوار مەلای مەلە زانمان نیست.
لە بەیانیێک برۆ یەکێ لەو پاڕکانەی پایتەخت بزانە لەم شارە دوو ملیۆنیە، دوو کەس دەدۆزیتەوە خەریکی وەرزش کردن بن؟ بۆ ئەوەی تەندروست بن و بتوانن بە باشی نوێژ و بەندایەتیە جۆراوجۆرەکانیان بکەن.
شتێکی زۆر جوان دەبێت ئەگەر پەیوەندی لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و ئەوقاف هەبێت تا بتوانرێ وشیاری تەندروستی بە هەماهەنگی مامۆستایانی ئاینیەوە بگەیەندرێت. لانی کەم خەڵکی لە سزای گرنگی نەدان بە تەندروستییان ئاگادار بکرێنەوە تا کەمتەرخەمی تەندروستیش وەکوو نەزەر و دزی و درۆ بە  گوناه بزانرێت.

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved