هەمەرەنگ و رۆشنبیری
چۆن قەدر لە خودى خۆت دەگرێت؟  
نوسەر
رەنج موفتى

چۆن قەدر لە خودى خۆت دەگرێت؟

 

زۆر کەسى وا هەیە کاتێک کە سەیرى سیماو روخسارى یا هەڵس و کەوتى دەکەیت بە کەسێکى زۆر بڕوا بەخۆو لەخۆڕازى دێتە بەرچاو بەڵام لە ناخەوە کەسێکە کە زۆر کەم رێز لە ناخى خۆى دەگرێت و ئەوەندەى تواناى ئەوەى هەیە کە بەرگرى لە مافى کەسێک بکات ئەو توانایەى نیە کە بەرگرى لە مافەکانى خۆى بکات و یان رەنگە نەتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات کە وای دەردەخات (رەنگە تۆش یەکێک بیت لەو کەسانە) جا بۆیە داوات لێ دەکەین کەوا لەگەڵمان بێت لەم گەشتە کورتە بۆ ئەوەى لەگەڵ چۆنیەتى بڕوا بەخۆبوون ئاشنات بکەین و فێربیت بزانیت کەسانى بڕوا بەخۆ و خۆبەکەمزان کێن و چۆن لە بارى یەکەمەوە دەگۆڕێیت بۆ بارى دووەم ... 
  ئایا رێزگرتن لە خود (ژات) لەو شتانەیە کە بتوانیت لە روخسارى دەرەوەى کەسێک تێبینى بکەیت؟
بەڵى  ...  زۆربەى جار دەتوانرێت تێبینى بکرێت. روونترین و ووردترین هۆکار کە وا بکات تێبینى ئەوە بکەیت ئەوەیە کە ئەو کەسە پێویستى بە خۆ ئیسپات کردن نیەو خۆى فەرز ناکات. ئەمەش ماناى وایە کە ئەو کەسە ئەو کارانەى خوارەوە ئەنجام نادات:
- بەخۆ نازین
- رێزنەگرتن لە تواناکانى بەرامبەر
- خۆنیشاندان
- وا بە خەڵک بڵێت کە ئەو کەسانى گرنگ و بەناوبانگ دەناسێت
- زۆر گوتن لە قسەکردن
- زۆر باسکردنى سەرکەوتن و بەدەستکەوتەکانى
    ئەو کەسەى ئەم کارانەى سەرەوە ئەنجام بدات بەدەست نەخۆشیەکەوە دەناڵێت کە رێزنەگرتنە لە خودى خۆت.
هەڵسوکەوتى کەسێک بڕواى تەواوى بەخۆى هەیە زۆر جیا دەبێت لە کەسێک کە بڕواى بەخۆ نەبێت و رێز لە خودى خۆى نەگرێت هەرچەندە کەسى بڕوابە خۆبوو بەناوبانگ و گرنگیش بێت ئەم سیفەت و هەڵسوکەوتانەى خوارەوەى هەر وەکو خڕى دەمێنێت.
- بڕوایەکى جێگیر و نەگۆڕاوى بە خۆى دەبێت.
- بەدوای گفتوگۆدا ناگەڕێت بەڵام قبووڵى دەکات چونکە دەزانێت پێویستى بە چیە
- زۆر یارمەتیدەر و هاوکار دەبێت
- رێز لە سەرکەوتنەکانى بەرامبەر دەگرێت و گرنگى زۆرى پێدەدات
- هەرگیز بە رێزگرتنە دەرەکیەکان بۆ کەسێکى تر دڵتەنگ نابێت.
    هەرچى زمانى(لغە) جەستەیەتى ئەوا ناخى ئەو دەردەبڕێت، زۆر جار وا دەردەکەوێت کە لە بارێکى پشووداندایە ، لەسەرخۆو ئارامە لە هەموو جووڵەکانیدا، خاوەن بڕیارى بەکلاییکەرەوەو دوور لە دوودڵیە ، لەکاتى گفتوگۆدا سەیرى ئەولاوئەولا ناکات تەنها چاوى بەرامبەرى نەبێت.
   هەروەکو لە پێشەکى بابەتەکەدا باسمان کرد، رەنگە تۆ یەکێک بیت لەو کەسانەى کە بڕوایەکى ئەوتۆت بەخودى خۆت نیە و زۆر کەم رێز لەخۆت دەگریت بەڵام هەرگیز وات نەکردووە کە ئەم بڕوابەخۆنەبوونە لە رووخسارى دەرەوەت دیار بێت و کەسى بەرامبەر هەستى پێ بکات. 
بیر لەو کەسانە بکەوە کە خاوەن بڕوایەکى پتەون بەخۆیان یان هەر هیچ نەبێت وا نیشان دەدەن کە رێز لە خودى خۆیان دەگرن ، ئەو کەسانە چۆن هەڵسوکەوت دەکەن؟ چۆن بیر دەکەنەوە وەکو دەیانبینى؟ ئەو شتانە چین کە بەلایانەوە گرنگە؟ بیروباوەڕیان چیە؟ چ شتێکە کە وات لێدەکات وا هەست بکەیت ئەوانە ناخى خۆیان دەناسن؟  باشترین جۆرى چاودێرى لەسەر ئەو کەسانە دابنێت و بەگوێرەى تواناو رێکەوتنى خۆت تێبینى کارو هەڵسوکەوتیان بکە. 
    وادابنێ کە تۆ سەیرى خۆت دەکەیت بە چاوى کەسێکى تر چۆن خۆت دەبینى؟ لەهەڵسوکەوتت رازى؟ یان کە زۆر جار لە فلیمێکى ڤیدیۆییدا سەیرى خۆت دەکەیت کام کردارەى خۆتت بەدڵ نیە؟ 
   هەندێک هۆکار هەن و پێویستن و دەبێت بگیرێنە بەر  کە وا دەکەن تاک بە نامۆ خۆى نەبینێت لەناو کۆمەڵگایەک کە رەنگى کۆمەڵایەتى پێوە دیار بێت، پێمان خۆش بێت یان نا کاتێ لەناو کۆمەڵگادا دەژیت و دەڕۆیت و دەخۆیت و دەخوێنیت ... بەگوێرەى هەڵسوکەوتت سەیر دەکرێیت و رێزت لێ دەگیرێت ، لەمەشدا ناتوانیت کەسى بەرامبەر خەتابار بکەیت چونکە کەس نیە بتوانێت ناخى تاکێک ببینێت تاکو بەگوێرەى ئەوە مامەڵًَەى لەگەڵدا بکات.  لێرەدا ئامرازێک هەیە بۆ نیشاندانى ناخ بۆ کەسى بەرامبەر ئەویش بە زمانى جەستە، واتە جووڵە جەستەییەکان دەتوانن ناخ نیشان بدەن و ئەمەش خۆى لەخۆیدا زانستێکە و وام پێ باشە بەدواى ئەو کتێب و سەرچاوانەدا بگەڕێیت کە ئەم زانستەت تێبگەیەنن. لە نموونەى ئەم زانستەشدا وەکو ئەوەى کاتێک کەسى بەرامبەر قسەت لەگەڵدا بکات ئەگەر هات و سەیرى چاوى کردى یان دەستى دایە لووتى یان گوێچکەى ، هەریەکە لەمانە ماناى خۆى هەیەو دەریدەخەن کە ئایا کەسى بەرامبەر راست دەدوێ یان ناڕاستى لە قسەکانیدا هەیە! ئیتر زۆر لە بابەتەکە دەرناچم و هەوڵ دەدەم پەنا بەخوا لە ژمارەکانى داهاتوودا گەر بە کورتیش بێت باس لەو زانستە بکەم، بەڵکو ئەوەى مەبەستمە لێرەدا ئەویە کە درک بە ناخى خۆت بکەیت و دەمانەوێت بزانیت ئایا تۆ تەواو ناخى خۆت ناسیوە؟ چونکە مرۆڤ کاتێک کە خۆى ناسى دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ خۆیدا بکات و بەسەر هەموو خاڵە لاوازەکانى ژیانیدا زاڵ بێت کە تا ئێستا نەیتوانیوە پەنجەیان لەسەر دانێت یان باشتر وایە بڵێن نەوێراوە بەلایاندا بچێت.  
پاڵپشتکردنى رێزگرتن لە خود (چۆن بڕوات بەخودى خۆت هەبێت)؟ 
   بۆ ئەوەى لەدەست هەموو ئەو کێشانە رزگار بیت کە بە خاڵى لاوازى خۆتى دەزانیت وەکو تاکێک لەناو کۆمەڵگا چەند خاڵێکى زۆر گرنگ و هەستیار هەن کە پێویستە بیانگریتە بەر، لەبەر سنوورداری گۆڤارەکەمان لەم ژمارەیەدا تەنها خاڵەکان باس دەکەین و لە ژمارەى داهاتوودا پەنا بەخوا باس لە هەموو خاڵەکان دەکەین بەگوێرەى پێویست. 
- هەڵسوکەوت کردن لە سەر بنەماى ئەگەرێک (افتراچ)
- ووردبوونەوە لەسەر ئەوەى کە پێویستەو سوودبەخشە
- هەموو کردارێک بخەیتە قاڵبێکى ئیجابیەوە
- رازى بوون بە خودى خۆت (هەر چۆنێک بێت باش یا خەراپ)
- هەرەوەزى کردن لەگەڵ لایەنە ناوەکیە شەڕانگێزەکانت.
 

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved