تەندروستی
هەرچی و پەرچی  
نوسەر
د. ئاراس برادۆستی

                               
لەوێندەرێ، ئەزموونی ٢٠٠ ساڵەی ژیانی خۆشگوزەران و ئاشتییانەی ئەو خەڵکەم بینی، لەوێ، رۆحی ئیسلامم بینی، رۆحی ئەو جەستەیەی کە لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا بۆگەنی کردووە.
سویدییەکان، نە درۆ دەکەن و نە چاوەڕوانی درۆشت لێدەکەن، نە فێڵت لێدەکەن و نە تۆش دڵت دێت فێڵیان لێبکەیت، هێندە بەڕێزن شەرمەزارت دەکەن، لەوپەڕی دڵتەنگیدا بزە و خەندەی وات بۆ دەکەن خەیاڵت دەڕفێنن، خوانەکات بپرسیت کتێبخانە لە کوێیە، کتێبەکەشت بۆ دەکڕن ئینجا وازت لێدێنن.
لە نەخۆشخانەدا، حەز دەکەیت نەخۆشکەویت، لە خەڵوەتگەی پیراندا، حەزدەکەی بە چاو تروکانێک تەمەنت بگاتە سەد ساڵ، کە دەچیتە باخچەی ساوایانیان دوعا دەکەیت منداڵ بیتەوە، بەڵام من قەت خۆزگەم نەدەخواست سویدی بومایە، چونکە کاڵای ئەو وڵاتە پڕ بە باڵای خۆیان دووراوە، بێ زیاد و کەم.
جوانییەکان لەوێ هێندە زۆرن حسێب ناکرێن، هەموو ئەو جوانییانەش بە دەق لای ئێمە هەن، بەڵام بە کردار بۆنیشیان نایێت، هەموو ئەو قەشەنگییانەی ئەوان بە ئەزموونی ژیان پێیگەیشتوون لای ئێمە پێش ١٤٠٠ ساڵ بە دەق بۆمان دابەزیوە، بەڵام تا ئێستا پێچەوانەکەی ئەنجام دەدەین، ئینجا دێین و شانازی بە قورئانێک دەکەین کە کەلامی خودایە، بیر لەوە دەکەمەوە، دەقێکی پیرۆز، خودای گەورە بە فریشتەیەک بۆ پێغەمبەرەکەی ناردبێتی، لە کوێ  شانازی موسوڵمانانی تێدایە.
زانایێکی مەسیحی، دوای چەندین تاقیکردنەوەی زانستی دەگاتە دەرەنجامێک، خێرا بڵاوی دەکاتەوە و جیهان سەرسام دەکات، موسوڵمانەکەی لای خۆمان بە شانازییەوە پێی دەڵێت، ئەوە چواردە سەدەیەی لای ئێمە باسکراوە، دەیهێنێتەوە سەر ساجی عەلی، ئینجا ناویشی دەنێت ئیعجاز و شانازیشی پێوەدەکات، پێمناڵێیت ئازایەتی من و تۆ لەم هاوکێشەیە لە چی دایە؟ ئاخیرمان خێربێت.
لێرە، هەرچی مەبەستە سەرەکییەکانی ئایینن، وەلانراون، جلوبەرگ و ماکیاژ و قژ و برۆی خانمان و سێچارەکی کوڕان، جێگەی باسکردنی داپەروەری و ئازادی و ئاوەدانکردنەوەی زەوی و رێزگرتنی مرۆڤ و بگرە تێکڕای مەبەستە سەرەکییەکانی ئیسلامی گرتۆتەوە، ئەم هەرچی و پەرچییە ئاخیری خێر بێت!
لەوێ هەمووی نوێژ ناکات، بەڵام لێرە زۆربەی نوێژ دەکات، کەچی چاوی یەک تاکە کچی داماو دەرباز ناکات، ئاین تەنها خێزانەکەی خۆتی بۆ حەڵاڵ کردووی، کە چی لای ئێمە بە نوێژکەر و نوێژنەکەرانمانەوە، هەر خانمێک دەبینن وەکوو خێزانی خۆی بیری لێدەکاتەوە، ئیتر ئەوەی بیر دەچێت کە ئەو خانمە بە پێی دەقی قورئانی، کەسێکی رێزلێگیراوە و دنیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، هاوکات خاوەنی کەسایەتیێکی مەعنەوی گەورە و کەڕامەتی مرۆڤبوونە، ئەم هەرچی و پەرچییەش ئاخیری خێربێت.



Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved