هەمەرەنگ و رۆشنبیری
نهێنییە ئاشکراکان  
نوسەر
د. ئاراس برادۆستی




کە دەستت بردە نێو گیرفانی شڕۆڵی من و زانیت چەند دینار و دۆلاری تێدایە، ئیتر تایبەتمەندی گیرفانی منی تێدا نەما، پیرۆزت بێت.
لەم کۆمەڵگا پڕ جوانییەی ئێمە، هەندێک خوی هێندە ناشیرن هەن، ئەگەر نەوەی نەوەکانمان لێیان رزگاری بێت دەبێت شوکری خودا بکەین، ئەوەی کە لە هەمووی زیاتر ختوکەم دەکات هەوڵی خەڵکی ئێمەیە بۆ بنکۆڵکردنی نهێنییەکانی یەکدی، نهێنیگەلێک کە تەنها ناویان نهێنییە، ئەگەرنا لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی هەندێک کەس لەو نهێنییانە هێندە ئاشنای کردوون، لای ئەوان ئاشکرا و لای خودی خۆت پەنهانن.
لەم بێ معاشیەدا لێت دەپرسێت راتبت چەندە؟ کە دەشتەوێت پێی بڵێی ئاخر من حەزناکەم کەس بزانێت ئەو بەشە پارەیەی خوا پێیداوم تۆ بیزانی، دەڵێت من کە پرسیارێکم کرد دەبێت وەڵامەکەی وەرگرم،  منیش دەڵێم دەمەوێت لەم تاقیکردنەوەی بەڕێزت سفرێکی جوان وەرگرم.
لە زانستی گەشەپێدانی مرۆیی و بیردۆزە دەروونییەکان هەمیشە "ناوچەی تاریک" لە کەسایەتی بە گرنگییەوە باسی لێوە کراوە، ئەو ناوچەیەی کە بۆ هەموو خەڵکی تاریکە تەنها خاوەنەکەی نەبێت، بەشێکی کەسایەتی کە پڕیەتی لە نهێنی زۆر تایبەت و تەنها خودی ئەو کەسە بۆی هەیە وردەکارییەکانی بزانێت، رێژەی زانیارییەکانی نێو ئەو ناوچە تاریکە نزیکەی %١٥ کۆی زانیارییەکانی سەر کەسەکەیە، بەڵام نهێنی و پەنهانن و لە نێوان کەسەکە و خودا دان، کەسێك ئەو ناوچە تاریکەی نەبێت یان رووبەرەکەی کەم بێت هێزی کەسایەتییەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیاری گەورەوە.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەقەد هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر داعش هێرش بۆ سەر ئەو ناوچەیە دێن، ناوچەیەک کە پڕیەتی لە زانیاری گران قەدر کە تەنینیان رێز نەگرتنە لە کەسایەتی و ژیانی تایبەتی بەرامبەر و بەزاندنی سنورە خودا پێداوەکانیەتی.
دەبێت بە ویژدانەوە قسە بکەین، ئەم دیڤچوونی نهێنی یەکدییە سوودیشی هەن، ئەگەرنا هەڵکۆڵینی نهێنی نەبێت فەرمانبەرە  بێ ئیشەکانی "هەندێک" ژووری  نێو فەرمانگەکانی حکومەت بە چییەوە خەریک بن؟ خۆ گوڵەبەرۆژە خواردن هەر تەواو دەبێت، ئێ خۆ دەبێت شتێک هەبێت کاتی دەوامیانی پێ تەواوکەن و راتبەکەیانی پێ حەڵاڵ بکەن.
لێت دەپرسێت ئەرێ خێرە ژن ناهێنیت؟ تۆش بەوپەڕی ناسکی و شەرمەوە دەڵێی خودا قسمەتی نەکردووە، باشە ئەی بۆ فڵانەکەس ناهێنیت؟ کێت لە خەیاڵە؟ ئیتر شەپۆڵی  پرسیارەکانی کونە مشکت لێدەکاتە سەدی موسڵ و ئەگەر پڕ داعشیش بێت حەزدەکەی خۆتی پیاکەی و لەو پرسیارانە نەجاتت بێت.
ئەگەر لەتۆ هیچی دەستنەکەوت، رێگای دیکە بەکاردێنێت، هەوڵە بەردەوامەکانی هاوڕێکانیشت دەگرێتەوە، هاوپیشە و خزم و کەس و کاریش دەبنە کەرەستەی تاقیگە، ئاخر هێندە خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستی بووینایە ئێستا شانمان لە شانی ئەلمانیا دەدا و ژاپۆنیش ئیرەیی پێ دەبردین.




Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved