جوانکاری و مۆدە
بۆ ئەوەی قژت لە هەڵوەرین بپارێزیت  
نوسەر
رێبەر هشیار شێروانى

بۆ ئەوەی قژت لە هەڵوەرین بپارێزیت...

 
بۆ ئەوەی قژێکی چڕ و پڕی جوانت هەبێت، دوور لە هەموو نەخۆشیەک پێویستە سەرەتا باری تەندروستی گشتی و باری دەروونیت باش بێت. لەبەر ئەوەی خۆراک کلیلێکە بۆ تەندروستی گشتی بۆیە نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە کاریگەری هەیە لەسەر قژیشت. بەتایبەتی پرۆتین کە ماددەیەکی سەرەکی یە بۆ بەهێزکردنی قژ و دوورخستنەوەی لە نەخۆشی. لەگەڵ ئەوەی کەچەندین شامپۆ و چەندین گیراوەی کیمیاوی ئامادەکراوە بۆ بەخشینی پرۆتین بە قژ بەلام ئەوەی کەدەبێ بیزانین کەوا کاریگەری ئەو شامپۆ و گیراوە کیمیاویانە ناگاتە کاریگەری ئەو ماددە پرۆتینەی کە لە رێگەی دەم دەخورێ.چونکە ئەو پرۆتینەی کە ئێمە دەیخۆین لەشمان دەوڵەمەند دەکات بە ترشە ئەمینیەکان کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ ڕوانەوە و نوێ بوونەوەی مووی نوێ. ئەو ترشە ئەمینیانە بە شێوەیەکی سروشتی لە سەوزەو گوێز و بادەم و (فستق عبید) و گۆشتیش لە سەرووی هەموویانەوە دێت. هەر تاڵێک لە قژ یان هەر مووێک لە چیکڵدانۆچکەیەک و رەگ و مووێک پێک دێت، ئەو مووە رێژەی درێژبوونی( 10-20 ملم ) دەبێت لە مانگێک دا. وە گەشەو بەهێزبوونی قژ بەندە بە گەیشتنی خوێن بەشێوەیەکی باش بۆ رەگی مووەکە کە لە ژێر پێست دایە. هەلوەرینی قژ لە رۆژێکدا بەشێوەیەکی سروشتی دەگاتە 40-60 موو. لەکاتێکدا چیکڵدانۆچکەکانی سەر قەرەبووی ئەو قژە هەڵوەریوە دەکەنەوە ئەگەر خۆراک و خوێن بەشێوەیەکی باش پێیان بگات. بۆ باشترکردنی سووڕی خوێن لە پێستی سەر و بەهێزکردنی قژ دەبێت ئەم رێنماییانەی خوارەوە لەبەر چاوبگیرێت:
1. دوورکەوتنەوە لە لەبەرکردنی هەرشتێکی تەسک بۆ سەر، وە زنجیر و ملوانکەی تەسک لە مل نەکەیت هەتاکو رێگە لە ووروژی خوێن نەگرێت کە بەرەو سەر دەڕوات، وە قژیشت توند مەبەستە بەرەو دواوە چونکە قژت بێ هێز دەکات.
2. وەرزش زۆر پێویستە بۆ لەش چونکە ئارەقە دەکەیت کە ئەوەش خوێن زیاتر پاڵدەدات بۆ سەر و دەم و چاو و چیکڵدانۆچکەکانی قژ.
3. گەرمی قژ ئەکتیڤ دەکات، ئەوەش بە حەمامێکی گەرم دابین دەکرێ و خوێن بە ئاسانی دەگاتە سەر.
4. واز لە دڵەاوەکێ بێنە چونکە دڵەراوەکێ و ترس کارایەکی زۆر گەورەیە بۆ وەرینی قژ، هەوڵ بدە ئەو شتانە بکە کە دڵت پێی خۆش دەبێت. وە بزانە کە کورتترین رێگە بەرەو کەچەڵی دڵەراوەکێ یە.
5. جگەرە مەکێشە. چونکە جگەرەکێشان دەبێتە هۆی تێکدانی خوێنبەرەکانی لەش و ئەو خوێنبەرەی کە بۆ سەر دەچێت بەوەش ئۆکسجین و خۆراک بەگوێرەی پێویست ناگاتە چیکڵدانۆچکەکانی قژ. بۆیە ئەگەر لە داهاتووی قژت دەترسی واز لە جگەرەکێشان بهێنە.

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved