راپۆرتی تایبه‌ت به‌ ئۆزۆن
رەنج موفتى  
نوسەر
ددان نهێنى یەکانى شارستانیەتى مرۆڤایەتى دەردەخات


تا ئێستا زۆر لایەنى وون و بزرو ئەلقەى نادیار هەیە لە رێڕەوى ژیارى مرۆڤایەتى لەسەر هەسارەى زەوى، بەجۆرێک کە سەردەمى ئێستاى مرۆڤایەتى پێویستى بە رونکردنەوەیەک هەیە بۆ زانینى هۆکارى ئەوەى کە مرۆڤ تاکە بوونەوەرە بتوانێت رووداوەکانى رابردوو لە مێشکیدا بمێنێت  شارەزایى لێوە پەیدا بکات، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا پاراستنى رووداوەکان لە مێشکێکى ئاکتیڤدا. جگە لەوەش مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە بتوانێت بە شێوەیەکى ستوونى و رێک بڕوات، بەوەش لە هەموو زیندەوەرێکى تر جیاکراوەتەوە. 
   شارەزایان لە مۆزەخانە مێژووییو سروشتیەکان دەڵێن و تەئکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە مێژووى مرۆڤ ددانەکانى دەینووسنەوە!! هەروەک لێکۆڵەرەوەکان میکرۆسکۆبى ئەلیکترۆنیان بەکارهێناوە بۆ دیارکردنى چینى "مینا" کە ددانى مرۆڤ دادەپۆشێت. هەروەها گرەپێکى لێکۆڵینەوە پشتیان بەست بە پاشماوە بەردینیەکان (بەبەردبووەکان)کە لە 13 جێگاى جیاجیادا دۆزرانەوە لەو ناوچانەى کە وا پێشبینى دەکرێت کە مرۆڤ بۆ یەکەم جار لەو جێگایانەدا دابەزیوە و دەستى بە ژیان کردووە. لەو نموونانەش کە دۆزرانەوە چەند ددانێک بوو کە دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤى نیاندەرتاڵ و شوێنى نیشتەجێبوونیان هەروەک ئاشکرایە ناوچەى ئەشکەوتى شانەدەر بووە لە کوردستان. 
چینى "مینا" ى ددانى مرۆڤى نیاندەرتاڵ بەراوورد پێکرا لەگەلً هەمان چینى مرۆڤى ئێستا، لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کەوا ددانى مرۆڤى کۆن زۆر جیاوازتر بووە لە سروشت و کارى ددانى مرۆڤى ئێستا. 
ددانى مرۆڤى نیاندەرتاڵ زۆر بەهێز و توندتر بووە لە ددانى مرۆڤى هاوچەرخ، لە چەرخە کۆنەکاندا دەیانتوانى گۆشتى خاو بە ددانەکانیان ونجڕ بکەن و نەک هەر ئەوە بەڵکو تواناى شکانى ئێسکى ئاژەڵیشیان هەبووە بە ددانەکانیان. بەڵام بە درێژایى زەمەن تواناو توندى ددان بەشێوەیەک بەرچاو لە دابەزیندا بووە، ئەوەش هەر لەبەر ئەوەیە کە مرۆڤ چیتر پێویستى بەو توندى یەى ددان نەما لە کاتێکدا کە ئاگرى دۆزیەوەو توانى خۆراک ببرژێنێت و هەروەها ئامێرى بڕینى داهێنا. 
   لەگەڵ دۆزینەوەى ژمارەیەکى زیاتر لە سامپڵى ددانى مرۆڤ، دەتوانرێت ئەو سەردەمە یەکلاییکەرەوانە دیار بکرێت کە مرۆڤ پێیدا تێپەڕیوە. بۆنموونە بە دۆزینەوەى چەند سامپڵیکى ددان توانرا توانرا ئەو سەردەمە دیاربکرێت کە مرۆڤ لە چەرخى خورادنى گۆشتى خاوەوە گوازرتیەوە چەرخى ئاگر و گۆشتى پیشاو. رەنگە یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوەکانى ئەو بیرۆکەیە ئەوە بێت کە پەیوەندیەک هەبێت لەنێوان دابەزینى ئاستى توندى ددان و بەرزبوونەوەى ئاستى درکاندنى شتەکانى دەوروبەرمان و ئاسۆى بیرکردنەوەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەى کێشە جۆراوجۆرەکان کە رۆژانە دێنە پێشمان
 

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved