زانستی گشتی و ته‌كنه‌لوژیا
ماستەر پلان ... تا چەند لە بوارە ئەندازەیى یەکاندا گرنگە و بۆچى بەشێکى خویندن نین لە کۆلیژە ئەندازەیىیەکاندا؟  
نوسەر
ئۆزۆن

لە زۆربەى ووڵاتانى جیهان بەتایبەتى دواى جەنگى دووەمى جیهانى یاساو پلانێک پەیڕەو کرا بۆ دووبارە ریکخستن و نەخشە کێشانەوەى شارەکان بەتایبەتى ئەو شارانەى کە ئێستا لە ئاستێکى شارستانى یەتى بەرز دا دەژین و زیاتریش لە ئەوروپا پەیرەو کرا کە جەنگ وێرانى کردبوون و شۆڕشى پیشەسازیش یەکێک بوو لەو هۆکارانەى کە وا بکات نەخشەى شارەکان دووبارە بە شێوەیەکى ریکو پێک دابمەزرێتەوە...
بۆ ئەم  مەبەستە بوارێکى تازە هاتە کایەوەو لە زۆربەى زانکۆکانیش ئەو سەردەمە کران بە بابەتى خوێندن و ئاسایى سەر بە کۆلیژو بەشە ئەندازەیى یەکانەوە بوو. لەو باوەڕە دانیم کە ماستەر پلان تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى فەرمى لە زانکۆو پەیمانگاکاندا خوێنرابێت تەنها گەر بە هەوڵى یەک لایەنى کە ژمارەیەک لە ئەندازیاران بە خوێندنەوەى سەرچاوە بیانى یەکان بیرۆکەیان لێ وەرگرتبێت.
 بەر لە دوو ساڵ لە کۆلیژى تەکنیکى زانکۆى سلێمانى، بەشى نەخشەکێشانى شارەکان (تخگیگ مدن) کرایەوە کە هیوادارین سەرەتایەکى بەهێز بێت بۆ بەرەو پێشبردنى ئەم بوارە ئەندازەیى یە لە کوردستانى ئازیزدا.
ماستەر پلان چى یە؟
ماستەر پلان یەکێکە لەو بوارە ئەندازەیى یانەى کە بۆ دووبارە داڕشتنەوەى نەخشەى شارێک دەکرێت یا بۆ نەخشەکێشانى شارێکى تازە پەیڕەو دەکرێت گرنگى یەکەشى لەوەدایە کە پلانى ناوچەکە بەردەست دەبێت و کارى لەسەر دەکرێت بەر لەوەى دەست بکرێت بە کارى پراکتیکى و پرۆژەکان جێ بەجێ بکرێن.
بێگومان هەر دەزگاو دامەزراوەیەکى وەکو نەخۆشخانەوە قوتابخانەو دەزگا حکومى یەکانى وەکو بانک و کارگەو ئۆفیسەکان کاتێک کە دادەمەزرێن و شوێنیان بۆ دیار دەکرێت دەبێت لەسەر بنەمایەکى زانستى و رەوان دیار بکرێت و ئەو شوێنەى کە بۆى دانراوە شیاو بێت بەگوێرەى گەورەیی و بچووکى شارەکەو رێژەى دانیشتوان.
هەر بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە گرنگى یەکى تایبەت درا بەم بوارە لەبەر ئەوەى ماستەر پلان نەخشەى داهاتوو دادەڕێژێت جا ئەگەر بۆ شارێک بێت یا بۆ ناوچەیەکى دیارى کراو، گرنگ ئەوەیە کە بۆ کارکردن لە پرۆژەیەکى گەورە دا پلانێکت لەبەر دەست دایە جگە لەوەى کە ماستەر پلان لە چەند پرۆژەیەکى بچووکتر پێک دێت.
ئەو تایبەتمەندى یانەى  کە دەبێت هەبن بەر لە داڕشتنى نەخشەى شوێنێک:
1- گونجاوى و هەرزانى گواستنەوەو گەیاندن بۆ ئەو شوێنە.
2- ناوچەیەکى کراوە بێت واتە چواردەورەى بەشێوەیەکى وا نەگیرابێت کە کاریگەرى راستەوخۆ لەو شوێنە بکات وەکو چیاى سەخت و هەر شتێکى تر.
3- بە ئاسانى بتوانرێت سیستەمى ئاوى تیادا جێبەجێ بکرێت و مەرجە تەندروستى یەکانى لەسەر پەیرەو بکرێت.
4- کۆنترۆڵ کردنى رێژەى چڕى دانیشتوان لەو کاتەو لە ئایندە دا.
5- دابین کردنى شوێنى تایبەت بۆ جێگاى فێرکردن و پشوودان و هەندێ شوێنى وەک مزگەوت یا کەنیسە، هەروەها شوێنە رەسمى یەکانیش.
6- پانى و بەرینى رێگاو بان.
7- دابەزاندنى رێژەیى واتە دابەشکردنى رووبەرى شوێنەکان گونجاو بن لەگوێرەى یەکتر.
لەبەر ئەوەى ماستەر پلان نەخشەى داهاتووى شوێنێک دادەڕێژێت کەواتە دەبێت تەخمینى رێژەى دانیشتوان لەو دوارۆژەدا بەردەست بێت کە بێگومان بە پشت بەستن بە زیادبوونى رێژەى دانیشتووان لە رابردوو دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ماستەر پلان پێویستى بە کەسانى شارەزا و پسپۆر هەیە لە بوارەکانى نیشتەجێ و ئامارەکان، ئەمە جگە لە پێویستى بە ئەندازیارى  پسپۆر بە تایبەتى ئەندازیارى شارستانى و بیناسازى.
ئەوەى ماوە بیڵێین لێرەدا ئەوەیە کە ئایا بۆچى لە زانکۆکانمان دا ماستەر پلان وەک هەر بوارێکى ترى ئەندازەیى ناخوێنرێ مادام ئەو گرنگى یە تایبەتی یەى خۆى هەیە و بەو رادە بەرفراوانە لە ئەندازەیى پێشکەوتوو بەکاردێت، ئایا لەبەر نەبوونى مامۆستاو دکتۆرى پسپۆرە لەو بوارەدا یان هۆکارێکى تر هەیە وابکات ئەم بەشە گرنگەى ئەندازەیى لێرە فەرامۆش بکەین؟ هیوادارین کە خەمخۆر لە بوارە ئەندازەیى یەکاندا هەوڵى کردنەوەى بەشێکى لەو جۆرە بدەن.
 

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved