هەمەرەنگ و رۆشنبیری
سروشتى کوردستان  
نوسەر
م. هونەر عوسمان اسماعیل

سروشتى کوردستان


بەرێوەبەرى مۆزەخانەى مێژووى سروشتى کوردستان - کۆلێژى زانست – هەولێر.
       زەوى تەنها هەسارەیە کە تاوەکو ئێستا ناسراوە بە بەردەوامى ژیان لە سەریدا – ژیانیش ئەو مانا بەرزەیە کە هەموو ماناکانى لێ هەلدەقوڵێت  ئێمەى مرۆڤ لە سەر ئەو زەوییە هەتا دواهەناسەمان هەموو هەوڵ و کۆششمان بۆ مانەوەو بەردەوامى ژیانى خۆمانە . وە بۆ ئەوەى بە تەواوى لە ماناى ژیان بگەین پێویستە ئەو سروشتەو ژینگە جوانەى دەوروبەرمان لەبەر چاو بگرین کەبوونمان ، گەشەمان، گوزەرانمان ، خۆراکمان ، داوو دەرمان و کۆتاییشمان هەر لێرەدایە.
     مرۆڤى سەردەم کە بە بوونەوەرێکى ژیر و پێشکەوتوو لە سەر زەوى دەژمێردرێت کە ناوە زانستیەکەى بە Homo sapiens ناسراوە ، بەردەوام لە شەڕو تۆقاندن و تێکدان و کاوڵکارى و کوشتنى تەنانەت رەگەزى خودى خۆى و بوونەوەرەکانى تر دایە . هەر ئەو مرۆڤەیە بەدەستى خۆى سروشت و ژینگەى خۆى گیان لەبەران لە ئاژەڵ و رووەک و شاخ و بەردو بەبەردبووەکانیش تێکدەدا .
ئەوەتا مرۆڤ لەبەر بەرژەوەندى و پیشبڕکێ و تەقینەوەى ژمارەى نەوەکانى هەموو کون و کەلەبەر و شوێنێکى سەر ئەو زەویە تێک وپێک دەدات ، دارو دەوەن ودارستان دەبرێت و دەسوتێنێت و ئاژەڵ و باڵندەو گیان لەبەرانى تر ڕاو دەکات و دەکوژێت، ئەگەرنا هەر بۆ رابواردن ودڵ خۆشى خۆى ئەو بوونەوەرانە بەفیشەک و تاپر و توتە دەتۆقێنێ و هەر بۆ هەوەسى خۆى ژینگە لە بچووکترین مێروو و زیندەوەر تێک دەدات . ئەوەتا (بیفل لوبیل ) ئەو راوکەرە ئەمریکیە بەناو مرۆڤەى کە شانازى و لەخۆبایى بوونى دەردەخات بە ڕاوکردنى کوشتنى (20000) بیست هەزار گاى کێوى لە ئەمەریکا . ئێستا نزیکەى زیاتر لە 600 جۆر لە ئاژەڵى شیردەر و باڵندە لە مەترسى نەمان و لەناچوون دان .
     ئێمەش وەکو مرۆڤ ئەو راستییە باش دەزانین کە نەک نەمانى گیان لەبەرى گەورە زیان بە ئێمە دەگەیەنێت بەڵکو نەمان و لەناوچوونى هەندێ زیندەوەرى بچووک کەبەچاو نابینرێت لەژینگەیەکدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیان بە ئێمەى مرۆڤ دەگەیەنێت وە دەبێتە ئاستەنگى و زەحمەتى ژیان لەسەر ئەم زەویە .
     هەمووشمان هەست بەوە دەکەین کە ئەو بوونەوەرانە جگە لەئێمەى مرۆڤ کە بەشەڕو کاوڵکارى خەریکن ئەوانە هاوسەنگى بایۆلۆجى سروشتى دەپارێزن و بەردەوامى دەدەن بە زنجیرەى خۆراک Food chain و هەناسەى پاکى پڕ بە ئۆکسجین مان پێ دەبەخشن.
 دیسان دەڵێمەوە ئێمەى مرۆڤ بە تێکدانى سروشت و بەڕاوکردنى بێ یاساو بە پیس کردنى ژینگە  زیان بە خۆمان و سەدەها گیان لە بەر رۆژانە دەگەیەنێت . تەنانەت لەکەم زانى خورافیاتى هەندێ کەس دەیەها ئاژەڵى کێوى دەگمەن لە ناو دەبرێت بۆ نموونە لە ئەمەریکا و زۆر شوێنى تردا ئاژەڵى پڵینگى پەڵەدار کە جۆرەکەى بەرەو لەناوچوونە ڕاودەکرێت بۆ ئێسک و خوێن و بەڵکو سمێڵەکەى کە گوایە دەبێتە هۆى ئازایەتى مرۆڤ و چابوونەوە لە نەخۆشى رۆماتیزم .
       هەروەها جۆرێک لە مەیموونى (ئاى ئاى ) بێ گوناه کە ژمارەیان زۆر کەم و دەگمەنە، کە تەنها لە هەندێ شوێنى تایبەت لە ( مەدەغەشقەر) بەدی دەکرێت بە بیرو بڕواى هەندێ لە مرۆڤى نەزان  ئەو ئاژەڵە بێ تاوانە سەرچاوەى بەدبینى و بێ شانس و شومە وەکو کوندەبۆو قەڵەرەش کە بەردەوام لە کوشتن و لەناوبردنى ئەو ئاژەڵە بەستەزمان و بێ گوناهەن .
بەڕێزان ... هاورێ و هەڤالانى گۆڤارى (ئۆزۆن)ى قەشەنگ، ئەو پێشەکى و توانج وتوان و رەخنە گرتن لە مرۆڤ کە بەخۆشم یەکێکم لەوان بۆ بێزارکردنى ئێوەى بەڕێز نیە تەنها ئەوە دەڵێم کە کوردستان ئەو پارچە زەویە سەرنج راکێش و جوان و دڵ رفێنە کە پێکهاتەى جوگرافى و جیۆلۆجى قەشەنگى دوونیاى هەیە بە چیاو شاخى سەرکەش و بەرزو بڵند و شکۆدار بە دۆڵ و شێوەى قووڵ و دەشتى بەرفراوان بە رووبار و جۆگەو دەریاچەو کانى و کارێزو تاڤگەى ئاوى سازگار بە دارو دەوەن و دارستان و گوڵ و گوڵزارى جوان بە ئاژەڵى کێوى بەتوانا و ئازاى وەکو پڵنگ و هەرس و گورگ و بزنە کێوى و ئاسک و مامز هتد.. بە باڵندەى جوان و کەم وێنەى وەکو بازو هەڵۆ و داڵ و کەو پۆڕ و بولبول هتد.
     جگە لەوانەش کوردستان دەوڵەمەندە بە کانزاکان و سەرچاوە سروشتیەکان و زۆر شوێنى کەلتوورى و مێژوویى گرنگ کە جێگەى توێژینەوە و باس کردنن وەکو ئەشکەوتى شانەدەر و بەستوون و گوندى جەرمۆ و دەیاها شوێنى تر راستى ئەوە دەردەخەن کە کوردستان جێگەو پێگە و لانەى مێژوویی شارستانیەت بووەو زۆر لە گۆڕانکارى سەر زەوى لێرەوە دەستى پێ کردووە .
رێزداران هاوڵاتیانى بەئەمەک و کورد پەروەرى هەرێمى کوردستان دەبا بەیەکەوە ببین بە خۆشەویستانى سروشت و ژینگەى کوردستان وهەموومان بەرپرس و پەیوەند دار بین بە پاراستنى سەرچاوە سروشتیەکان لە ئاژەڵى کێوى باڵندەو رووەکە سروشتیەکان و شوێنە کەلتوورى بەبەربووەکانى ئەو هەرێمە ، ژینگەى سەیرانگاو تاڤگە و شوێنە سروشتیەکان پیس نەکەین ئێمە وەکو دەستەى مۆزەخانەى مێژووى سروشتى کوردستان لە کۆلێژى زانست بە بێ هیچ بەرژەوەندیەک داوا لەگشت خەڵکى کوردستان دەکەین کە راوکردنى بێ یاسا بڕینى دارو درەخت و پیس کردنى ژینگەو تێکدانى شوێنە سروشتى و کەلتووریەکانى کوردستان بە هەموو توانایەکمان ئامادەین بۆ هۆشیارکردنەوەو رێنمایى خەڵک بۆ پاراستنى سروشت و ژینگەى کوردستانى خۆشەویستمان .  

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved