تەندروستی
بۆچی قژ وشـــك دەبێت؟  
نوسەر
عەبدولرەحمان باسەرەیی

 
قژ Hair وشك دەبێت لەوكاتەی كە پێستی سەر رێژەیەكی باشی چەوری دەرنادات كە بەس بێت بۆ چەوركردنی قژ. رەگی قژ Hair root لە چینی ژێرەوەی پێستدا جگە لە دروستكردنی قژ ماددەیەكی چەور دەردەدات، لەگەڵ بەتەمەنداچووندا رێژەی دەردانی چەوری كەم دەبێتەوە، پێستی سەر ناسك دەبێت و تفر فڕێدەدات وەكو توێشك یان كڕێژێكی سووك Dandruff flakes. هەندێك جار رەگی مووەكان بڕێكی باشی چەوری بەرهەم ناهێنن بۆ پاراستنی قژ لە وشكبوون، ئەمەش لەوانەیە كە جگە لە تەمەن پەیوەندی بە زگماكەوە هەبێت. هۆكارەكانی تری وشكبوونی قژ بریتین لە: زیاد شووشتنی قژ و بەكارهێنانی شامپۆی بەهێز دەبێتە هۆی پاكبوونەوەی پێستی سەر لە چەوری، زوو زوو وشككردنەوەی قژ بە هەوای گەرم یان شیسوار بەتایبەتی لەپاش بەكارهێنانی هەر ئاوێتەیەك كە ئەلكهول لەخۆبگرێت، بەكارهێنانی ئوتی گەرم بۆ خاوكردنەوە یان لوولكردن Curling irons یان هەر جۆرێكی ستایلكردنی قژ، بەركەوتنی قژ بە تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر، یان بەركەوتنی زۆر بە بای گەرم و هەوای وشك، هەروەها بەكارهێنانی ماددەی كیمیایی قژ بە مەبەستی جیاواز وەكو بۆیە، خاوكەرەوە Relaxers..تاد. ئەگەر هەستت كرد كە وشكبوونی قژت پەیوەندی هەیە بە چەند نیشانەیەكی وەكو ماندووبوون و هەستكردن بە هیلاكی یان بەرگەنەگرتنی سەرما یان قژهەڵوەرین ئەوا پێویستە كە سەردانی دكتۆر بكەیت نەبادا هۆكارێكی نەخۆشی لەپاڵەوە بێت.

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved