تەندروستی
ماددەی ژەهراوی لە بۆیەی نینۆكدا  
نوسەر
عەبدولرەحمان باسەرەیی


ئەگەرچی لەسەر زۆربەی بۆیەكانی نینۆكدا Nail Polish نووسراوە كە هیچ ماددەیەكی ژەهراوی لەخۆناگرن، بەڵام لێكۆڵینەوەكان پێچەوانەی ئەم نووسراوانە دەردەخەن. هەندێك بۆیەی نینۆك و ئاوێتەی تری جوانكاری لە ساڵۆنەكاندا ماددەی زیانبەخش لەخۆدەگرن، ئەو كەسانەی كە لە ساڵۆنەكاندا كار دەكەن زیاتر رووبەڕووی ئەم ماددانە دەبنەوە بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە دەمامك (ماسك) بەكارناهێنن. بەگشتی 3 جۆر ماددەی ژەهراوی لە بۆیەی نینۆكدا بەدی دەكرێن كە بریتین لە: دایبوتیلی فتالێتەكان، تۆلوێن، فۆرمالدیهاید. دایبوتیلی فتالێتەكان Dibutyl Phthalates لە زۆربەی بۆیەكانی نینۆكدا هەیە، كاریگەری دەكاتە سەر باڵغبوونی ئافرەت و گرفت لە منداڵدان پەیدا دەكات و لەوانەشە ببێتە هۆی سەقەتی زگماكی لە كۆرپەدا، لە پیاویشدا پەیوەندی هەیە بە شێرپەنجە. تۆلوێن Toluene كە شلەیەكی بێ رەنگە كاریگەری دەكاتە سەر كۆئەندامی دەمار بە شێوەی سەرئێشە، سەرسووڕان، هەستكردن بە ماندووبوون، هەروەها پەیوەندی هەیە بە تووشبوون بە نەخۆشی لە جگەر و گورچیلەدا. فۆرمالدیهاید Formaldehyde پاش هەڵمژینی گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات بە شێوەی سووتانەوەی قوڕگ، كۆكە، ویزە لەگەڵ هەناسەدا، پاش بەركەوتنیش بە پێست دەبێتە ئەگەری سووربوونەوە و خورشت.
 
 
 
 
 

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved