تەندروستی
گرفتەکانى نووستن و بەکارهێنانى دەرمان بۆ چارەسەرکردنی گرفتى نوستن (Insomnia)  
نوسەر
* رێبوار فازل

مرۆڤ پێویستى بە چەند کاتژمێر هەیە لە رۆژێکدا بۆ نوستن؟
لاى زۆر کەس نادیارە کەوا کاتى پێویستى نوستن بۆ مرۆڤ دەگۆرێت لە مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکى تر و لە تەمەنێک بۆ تەمەنێکى تر، بۆ نموونە مرۆڤ  هەیە پێویستى بە تەنها پێنج کاتژمێر  هەیە بۆ نوستن و لە هەمان کاتدا مرۆڤی تر هەن پێویستیان بە دە کاتژمێر هەیە! بەڵام رێژەى نوستنى پێویست لەو کەسانە کە تەمنیان لە پەنجا ساڵ زیاترە (7) کاتژمێرە لە رۆژێکدا.
بەگشتى گرفتەکانى نوستن دوو جۆرە:
- زۆر نوستن .
- کەم نوستن: کە ئەمەشیان لە ناو کۆمەڵدا بڵاو ترە و مرۆڤ پێى دەناڵێنێ، لەبەر  چەندەها هۆى سەرەکى وەک بارى دەرونى و نیگەرانى مرۆڤ، ئەوە جگە لە چەند جۆرێک لە نەخۆشى کە دەبنە هۆى نەنوستن لەوانە هەناسە تەنگ بوون. وەک چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتانە پزیشکەکان بەو رێنماىیانەى خوارەوە ئامۆژگاریمان دەکەن:
•           نابێت لە دواى خواردنێکى زۆر  یا ماندو بونێکى زۆر مرۆڤ بنوێت.
•           هەوڵ بدات ئەو کارانە بکات کە دەبێتە هۆى نوستنى وەک:
- خوێندنەوەى گۆڤارێک.
- خۆشوشتن بە ئاوێکى شیلتێن.
- خواردنەوەى کوپێک لە شیر.
•           خۆپارستن لەو جۆرە خواردەمەنیانەى کەوا ماددەى (کافین)یان تێدا بە دى دەکوێت وەک (چا، قاوە و کۆلا)، چونکە وەک ئاشکرایە ئەو ماددەیە رێگە لە نوستن دەگرێت.
•           ئامادە کردنى پرۆگرامێک بۆ نوستن و لە خەو هەڵسان و هەوڵدان بە پاپەند بوونى.
   دەربارەى بەکارهێنانى دەرمان بۆ نوستن، پزیشکەکان هەردەم ئامۆژگارى بەکارهێنانى رێگاى سروشتى دەکەن بۆ چارەسەرکردنى ئەم گرفتە و باس لە زیان و هۆکارە لایەنىیەکانى ئەو دەرمانانە دەکەن، بۆ یە بە باش دەزانرێ کە ئەو جۆرە دەرمانە بەکارنەهێنڕێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حاڵەتى پێویستى تایبەتیش  هەیە بۆ بە کارهێنانى ئەو جۆرە دەرمانانە لە دواى ئامۆژگارى پزیشک و بۆ ماوەی (2-3) رۆژ و بە بڕێکى کەم. یەکێک لە دەرمانە باشەکان کە بۆ ئەو مبەستە بەکاردێت دەرمانى  (Benzodiazipine)ە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت هیچ دەرمانێک بەبێ ئامۆژگارى پزیشک بەکاربهێنرێ.

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved