راپۆرتی تایبه‌ت به‌ ئۆزۆن
بـەكـرێ گـرتـن یـا بـەخـشینی (رەحـم)ـی دایـك رێگایەكیتری بەدەست هێنانی كۆرپە  
نوسەر
مستەفا ئەحمەد ئەرگوشی - سەرنوسەری گۆڤاری ئۆزۆن

بـەكـرێ گـرتـن یـا بـەخـشینی (رەحـم)ـی دایـك
رێگایەكیتری بەدەست هێنانی كۆرپە
 
نوسینی: مستەفا ئەحمەد ئەرگوشی
سەرنوسەری گۆڤاری ئۆزۆن
 
خوای گەروە دەفەرموێت (المال و البنین زینە الحیاە الدنیا) واتە (ماڵ و مناڵ خۆشی و جوانی ژیانن)، و بەرای زۆرێك لە مرۆڤ ئاساییە بە كەم پارەیی بژیت بەڵام زۆر ئاستەمە مرۆڤ بێ مناڵ بێت، هەر بۆیە مرۆڤ هەموو هەولێكی ماددی و مەعنەوی دەخەنە گەر بۆ بەدەستهێنانی مناڵ، بە تایبەتی ئەو خێزانانەی كێشەی تەندروستییان هەبێت.
بۆیە بەردەوام گوێبیستی نەشتەرگەری تازە و داهێنانی تازە دەبینین لەم بوارە، و یەكیك لەو نەشتەرگەرییانەى كە ئێستا باوە بە تایبەتی لە وڵاتی هیندستان، بەكرێ گرتنی رەحمی ئافرەتە. لەم بوارەشدا ئافرەتێك بە ناوی (د. پاتێل) وەك ئەستێرەیەكی درەوشاو دەركەوتوە كە خاوەنی نەخۆشخانەیەكی تایبەتە لەم بوارە و ئێستا خەریكی ئامادەسازییە بۆ نەخۆشخانەی دووەم لە هەمان بوار. دوای هەوڵێكی زۆر توانیم بگەم بە (د. پاتێل) و پەیوەندی پێوە بكەم بۆ ئەوەى باسی ئەم مەسەلەیەمان بۆ بكات. د. پاتێل باسی لەوە كرد كە سەرەتای ئەم بیرۆكەیەوە لەوەوە رۆیداوە كە دایك و باوكێكی كە كێشەى تەندروستییان هەبووە و نەیانتوانیوە منداڵیان ببێت دوای چەندەها هەوڵ و سەردانی نەخۆشخانە، بەڵام دوای ئەوە دایكی ژنەكە ئامادەباشی خۆی راگەیاندووە كە رەحمی ئەو بەكاربهێنرێت بۆ ئەوەى كچەكەی و زاواكەى منداڵیان هەبێت و بە فیعلیش ئەم كارە روویدا و ئێستا ئەو ژن و مێردە خاوەنی منداڵن. لە پسیاری چونییەتی ئەنجامدانی ئەم كارە، د. پاتێل پێی ووتم كەوا ئەم كارە لە رێگەی نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت و سێ كەس بەشداری تێدا دەكات، كەسی یەكەم ئەم ئافرەتەیە كە ئامادە باشی خۆی راگەیاندووە كە رەحمی بە كرێ بدات بۆ بەخێوكردنی منداڵی كەسی تر لە بەرامبەر برێكی دیاری كراو لە پارە، كەسی دووەم (دایكی بایۆلوجی)یە كە دایكە راستەقینەكەیە و دەیەوێت مناڵی ببێت و هێلكەكەی بەكاردێت و كەسی سێیەم (باوكی بایۆلوجی)یە كە باوكە راستەقینەكەیە و تۆ (سپێرم)ـەكەی بەكاردێت، و لە دوای رێككەوتن هێلكەى دایكی بایولوجی و سپێرمی باوكی بایۆلوجی لە رێى نەشتەرگەرییەكی تایبەتەوە دەخرێتە رەحمە بە كرێگیراوەكە، و نۆ مانگ لەو رەحمە دەمێنێتەوە تا رۆژی لە دایك بوون و كە لە دایك بوو دەدرێتەوە دایك و باوكە بایۆلوجییەكە.
د. پاتیل باسی لەوە كرد كەوا حەزی مناڵ بوون بەڵام هەبوونی نەخۆشی یاخود نەزۆكی وا لە ژن و مێرك دەكات كە روبكەنە ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە، لە بەرامبەردە هەژاری و كەم دەرامەتی وا لە كەسانی تر دەكات كە رەحمی خۆیان بەكرێ بدەن بە كەسی تر بۆ ماوەى نۆ مانگ مناڵی كەسی تر بەخێو بكەن. بەڵام د. پاتیل وەكو خۆی دڵی خۆشە بەوەى كە دەتوانێت ببێتە هۆكار كە مناڵ ببەخشێت بە كەسانی تر و دەڵێت تا ئێستا زیاتر لە 900 منداڵ لە دایك بوون لەسەر دەستی لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا و تەنانەت پێ ناخۆشە بەم كارە بووترێت بە كرێدانی رەحم بەڵكو ئەو پێی دەڵێت (بەخشینی رەحم).
د. پاتیل نەیویست باسی پارە و نرخی نەشتەرگەرییەكانی لەگەڵ بكەم و بۆ ئەوەش ئێمەیل و ژمارەى تەلەفۆنی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بۆ ناردم كە ناوی (پریانكا)یە كە لە هەمان كاتددا لە نەخۆشخانەكەی كاردەكات، و پێ راگەیاندم كەوا نرخی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكەیان 28 هەزار دۆلارە، واتە 2 دەفتەر و 80 وەرەقە، و ووتیشی شوێنی تایبەتمان هەیە بۆ بەخێوكردنی ئەو دایكانەى كە رەحمەكانیان بە كرێداوە لەو 9 مانگەدا لە ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان تا رۆژی منداڵ لە دایك بوونیان. لەوەڵامی ئەوەی كەوا بە شێوەیەكی یاسایی ئەم مناڵە كێ دایك و باوكییەتی؟ (پریانكا) وتی: مناڵە لە دایك بووەكە بەناوی دایك و باوكە بایۆلوجییەكانەوە دەبێت و هیچ پەیوەندییەكی بەو ئافرەتە نامێنێت كە لە رەحمیدا گەورە بووە. شایەنی باسە كەوا وڵاتی هیندستان گەورەترین شوێنی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییەیە لە جیهان و هەرزانرینیانە و بەپێ راپۆرتێكی كەناڵی  MBCنزیكەى 3 هەزار بنكەى تایبەت بەم نەشتەرگەرییە هەن ئێستا لە هیندستان، كە خاوەنی نەخۆشخانەكان بنكەكانیان بە (كارگەی منداڵ) ناودەبەن. (پریانكا) پێبراگەیاندم كەوا زۆربەی ئەو كەسانەى كە سەردنیان دەكەن لە وڵاتی بەریتانیا و رۆژهەڵاتی ناوەراست و تەنانەت ئەمریكاشەوە سەردانیان دەكەن، و كاتێكك  زانی من خەڵكی عیراقم وتی تەنانەت لە عیراقیشەوە، بەڵام دڵنیا نەبوو ئایە لە كوردستانی عیراق یان خوارووی عیراق بوون چونگە ئاگاداری ئەوە نەبوو كە عیراق هەرێمێكی تیایە بەناوی كوردستان و بە تەئكید تۆزێك باسی كور و كوردستانیشم بۆیان كرد وەكو ئەركێكی نەتەوایەتی.
لە چاو پێكەوتنی یەكێك لەوانەى كە رەحمەكانیان بە كرێ داوە باس لەوە دەكات كەوا ئەوان تەها 80 وەرەقە وەردەگرن لە بەرامبەر بەخێوكردنی ئەو منداڵە لە ناو رەحمیان و زۆر پێیان ناخۆشە كەوا منداڵەكە دەدەن بە كەسی تر بەڵام هەژاری وای لێكردوون كە ئەو كارە بكەن و رایگەیاند كە ئەم پارەیەی وەری دەگرن دەكاتە مووچەی 15 ساڵ ئیشكردنیان لە هیندستان.
بەشێوەیەكی گشتی رێكخراوەكانی ئافرەتان لە جیهان دژایەتی خۆیان ئاراستەى ئەم جۆرە نەشتەرگەری و پرۆسەیە دەكەن و بە سوكایەتی كردن بە ئافرەتان ناوی دەهێنن. و سەبارەت بە وڵاتانی ئەورۆپا (نیكۆلاز هێرڤی) لە دەزگای (ڤۆندامینتاڵ) لە پاریس باس لەوە دەكات كەوا ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە لە زۆربەی وڵاتانی ئەورپا قەدەغەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند وڵاتێكی تردا رێگە پێدراوە وەك (یونان و ئۆكرانیا).
سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو، لە یەكێك لە سەردانەكانی دەرەوەی وڵاتم چاوم كەوت بە بەرێز (د. سەلمان قورەینی) كە خاوەنی كۆمپانیایەكی گەورەى دەرمان و گەشتیاری تەندروستییە لە وڵاتی سعودیە، و باسی لەوە كرد كە ئەم كارە لە سعودیا قەدەغەیە بەڵام خەڵكی سعودی هەیە سەردانی هیندستان دەكەن بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە، و هۆكاری ئەوەش دەگەرێنێتەوە بۆ هەبوونی كۆمەلێك خەڵك كە بە هەر هۆیەك بێت منداڵیان نابێت.
سەبارەت بە رووی شەرعی ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە پەیوەندیم بە كۆمەڵێكی زۆرى زانایانی ئیسلامی لە جیهان كرد بەڵام تەنها بەرێز (د. محمد عریفی) كە زانایەكی بەناوبانگی جیهانی ئیسلامە، وڵامی دامەوە لە رێی ئیمیلەوە، پێی راگەیاندم  كە ئەم كارە لە رووی دینی ئیسلامەوە جائیز نییە.
لە كۆتایی ئامادەكرنی ئەم بابەتەم كە نزیكەی 3 مانگ خەریكی بووم لەگەڵ زۆرێك لە خەلك قسەم كردوە و بیرورای زۆرم وەرگرتووە بەشێك پێوان وایە ئەمە كارێكی مەجبوورییە بۆ ئەوەى منداڵیان هەبێت و بەشێكیش دەپرسن ئایە هەست و سۆزی خۆشەویستی جۆن دەبێت لە نێوان دایكێك كە منداڵەكەى لەسكی خۆی بەخێو نەكردوە، و بەشێكی تریش باسیان لەوە دەكرد كەوا رێگە جارەسەری تر هەیە بۆ ئەوەی ببیت بە خاوەن منداڵ ئەویش كرین یان بەخێوكردنی منداڵی ترن كە بێ دایك و باوكن.
 

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved