تەندروستی
(Root canal treatment) دەمار بڕینی ددان  
نوسەر
زەردەشت برادۆستی - پزیشکی ددان

هەندێ کلۆر بوونی ددان یاخود هێزێکی دەرەکی وەیان بەهەر هۆکارێکی دیکە دوو چینی یەکەم و دووەمی پێکهاتەی ددان (enamel & dentin) دەبڕێت و دەگاتە چینی زیندووی ددان (pulp) کە دەماریشی دەگرێتەوە خۆی، لەو بارەدا بە پڕکردنەوەی ئاسایی پڕناکرێتەوە بەڵکو دەبێت دەمارەکە هەڵبکێشرێت و کەناڵەکانیش پاک و پڕ بکرێنەوە ئینجا ددانەکەش پڕ بکرێتەوە. دەمار بڕین ئەگەر چی چارەسەرە، چارەسەری پێش دەرهێنانە چونکە ئەگەر نەخۆشەکە زانیاری هەبێت لەسەر هەنگاوی دوای دەرهێنان و لێنانەوەی ئەوا هەرگیز بیر لە دەرهێنان ناکاتەوە بە تایبەتی ئەگەر بێت و نەخۆشەکە گەنج بێت و لە خوارووی چل ساڵیەوە بێت. 
پرۆسەی دەماربڕینیش لە چەند هەنگاوێک ئەنجام دەدرێت، بەشێوەیەکی گشتی بە (3) جار تەواو دەبێت هەرچەندە جاری وایە بە گوێرەی پزیشکەکەو باری نەخۆشەکە درێژتر یان کورتر دەبێتەوە لە قۆناغەکاندا. 
قۆناغەکانیش: 
1- کردنەوەی ددانەکە تاوەکو کەناڵەکانی بەباشی تێبکرێت.
2- هەڵکێشانی دەماری ددانەکە (pulp extirpation) هەمیشە ئەم دوو هەنگاوە لە دانیشتنی یەکەم دەکرێت و نەخۆشەکە 85% ئارام دەبێتەوەو ژانی نامێنێت. 
3- پێوانەکردنی درێژی کەناڵەکان (working length estimation).
4- پاک کردنەوەو فراوانکردنی کەنالەکانی (Instrumentation). 
5- پڕکردنەوەی کەناڵەکان (obturation).
تاوەکو ئێرە ئەبێ گرنگیەکی زۆر بە پاککردنەوە وشوێنی ناو کەناڵەکان بدرێت بە ماددەی تایبەت، قۆناغی دووەم کۆتایی دێت. 
6- قۆناغی کۆتایی: پڕکردنەوەی کۆتایی ددانەکەیە و بە ماددەی تایبەت، زۆرجار ئەبێ لەگەڵ حەشوەکە برغو دابنرێت بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیکەری ددان. 
شایانی باسە هەموو ددانێک رێزی پشتەوە (خرێنەکان) پاش دەماربڕین پێویستی بە داپۆشین هەیە بە قەپاغ (crown) دەبێت زیاتر بەرگری شکان دەکات، چونکە هێزی جووین بەشێوەیەکی فراوان دابەش دەکات، لەبەرامبەریشدا بەرگری شکان زیاد دەبێت...
*بەڵام ئەگەر ددان پڕنەکرێت بەڵکو بکێشرێت چارەسەری جێگایەکەی چیە؟
زۆرجار خڕێنەی گەورەی یەکەم تووشی کلۆربوون دێت، پێویستی بە دەماربڕین دەبێت، جا ئەگەر نەخۆش ڕەتی (رەفزی) دەماربڕینەکە بکات ئەوا:- 
1- بەتاڵ بوونی جێگایەکەی و لەئیش کەوتنی.
2- کۆگایەک بۆ خربوونەوەی خۆراک و خواردن و هەوکردنی پووک.
3- خواربوونەوەی هەردوو ددانی تەنیشتی و هاتنەخوارەوەی ددانی بەرامبەری. 
4- تێکچوونی (اگباق)ی نێوان ددانەکانی سەرێ و خوارێ. ئینجا بۆ ماوەیەکی کەم چەند ساڵانێک ئەبێتە هۆی هەوکردنی جومگەی نێوان شەویلاگی سەرێ وخوارێ (TMJ problem).
لەبەر ئەو کێشە پێوانەیانە وکێشەی دیکەش ئەبێ شوێنی ددانە هەڵکێشراوەکە پڕ بکرێتەوە ئینجا قەرەبووکردنەوەی شوێنی ددانەکەش دووبارە ئەبێتە کێشە. 
خوا یار بێ لە ژمارەی داهاتوودا درێژەی پێ دەدەین.....

Copyright © 2016 OZONE MAGAZINE - All Rights Reserved